لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم روونکردنەوە دەدرێت

وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێم ناتوانێت بەو داهاتەی لە ناوخۆ دەستیدەکەوێت، مووچەی فەرمانبەران دابین بکات". 

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" داهاتی نەوت لە ژێر دەستی ئێمە نەماوە و پارەی ناوخۆش بەشی مووچە ناکات". 

ڕوونیشیکردەوە، پێشتر ٧٢٠ ملیار دیناریان لە داهاتی نەوت بۆ دەهات کە دەیکردە ڕێژەی ٨٠%ی مووچە و ئەوەی دیکەشی لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرا، بەڵام ئێستا داهاتی نەوت نەماوە.

وتیشی" بەپێی یاسای بودجە دەبێت ٥٠٪ی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغداد بکەن، بۆیە لەمەودوا بۆ دابینکردنی مووچە دەبێت چاوەڕێی جێبەجێکردنی یاسای بودجە بکەن". 

ڕاشیگەیاند" کاتێک رێنمایی جێبەجێکردنی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەرچوو، ئەوەش دیاری دەکرێت کە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی و نانەوتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئەوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو بودجەی کە بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت دەیخاتە سەر هەژماری بانکی و مافی خەرجکردن بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت ئینجا پارەکە دێتە وەزارەتی دارایی".


AM:10:56:24/07/2023