نرخی بەنزین لە هەرێم بەرزدەبێتەوە

وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، "بەهۆی نەبوونی بەنزینی پێویست و نەمانی بەنزینی ٧٥٠ دیناری نرخی بەنزین بەرز بووەتەوە و لە هەولێریش ماوەی هەفتەیەکە گرانکراوە، هۆکارەکەشی بۆ بونی کێشە لە هاوردەکردنی بەنزین و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار دەگەرێنێتەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی تەموزی ٢٠٢٣ بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی رایگەیاند، "ئێمە وەکو خاوەنی بەنزینخانەکان کێشەمان زۆرە بەهۆی ئەوەی بەنزین کەمە و ئەو بازرگانانەی پێشتر بەنزینیان ئەهێنا ئێستا ئەترسن لەوەی لە دەرەوە بیکڕن و بیهێننە هەرێمی کوردستانەوە بەهۆی دەنگۆی هێنانی بەنزینی حکومەتی عێراق کە ئێستا بڕاوە و بەنزینی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەماوە".

باسی لەوەشکرد، "بەنزینی نۆرماڵ ٥٠ دینار و بەنزینی سوپەر ٥٢ دینار و بەنزینی موحەسەن ٢٥ دینار گراندە بەڵام غازی LPهەرزان دەبێت بەهۆی بونی غاز لە ناوخۆدا و لە ٤٥٠ دینارەوە بوەتە ٤٢٥ دینار.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیاد لە ١٠ رۆژە کێشەی بەنزین دروستبوەو ئەم چەند ڕۆژە کێشەی بەرزبونەوەی بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دیناریشی هاتوەتە سەر، بۆیە نەتوانراوە رێگری لە بەرزبونەوە بکرێت، بەڵام کوالێتی وەکو خۆی دەمێنێتەوە



PM:02:15:25/07/2023