وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەڵامی ڕاگەیاندراوێکی وتەبیژی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوەی) کوردستان دەداتەوە کە وتویەتی:" ئێمە نەوتمان تەسلیم کردوە، موچەی فەرمانبەران بەرپرسیارێتی ئێمە نیەو دەبێت داوا لە حکومەتی عێراق بکرێت".
ئەمرۆ سێ شەممە ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، هیمداد شاهین لە واڵی تایبەت بە خۆی وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەیی دایەوەو وتی: "ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و باخەڵک هەموو بزانن کە تائێستا حکومەتی هەرێم ئامادەنییە نەوت تەسلیم بکات. هەر ئەم مانگە حکومەتی عێڕاق داوای ١٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی کردووە بۆ پاڵاوگەکان بەڵام هەرێم قایل نەبووە تەسلیمی بکات".
باسی لەوەشکرد، جگە لەوەی تائێستا هەرێم رازی نەبوە ئیدارەدانی کێڵگە نەوتیەکان تەسلیم بە سۆمۆ بکات و دەیەوێت خۆی نەوتەکە بفرۆشێت و داهاتەکەشی کە دۆلارە لە رێی بانکە حزبیەکانەوە بە ۱۳٠ هەزار دینار بشکێنێتەوە.
لە کۆتایدا وتەبێژەکەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە دا، ئایا تا ئێستا جگە لەڕاگرتنی نەوت بەبڕیاری دادگا حکومەتی هەرێم چ هەنگاوێکی کردەیی ناوە تا بڵێین حکومەتی عێراق پابەندیی رێکەوتنەکە نەبوەو داوای موچەی لێبکەین؟!.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕؤ سێ شەممە لەبارەی مووچە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتی: "ئێستا کە داهاتی نەوت بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە دەست هەرێمی کوردستان نەماوە، حکومەتی عێراق بە بەرپرس دەزانین، لە دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسای بودجە، لەم پرسەدا ئێمە هەموو ئەرکێکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ کردووە و پابەندییەکی تەواوی یاساییمان بە جێ گەیاندووە و تا ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق هەرچی زووە مووچەی مووچەخۆران بنێرێت و لەمە زیاتر ئەم پرسە دوا نەکەوێت"