بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارەوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەهۆی بەرزبونەوەی  نرخ دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، بەشێك لەهاوڵاتیان و كاسبكاران لەبەردەم بانكی ناوەندی عێراق لە بەغدا خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.

ئەمڕۆ چوارشەمم ٢٦ی تەموزی ٢٠٢٣، بەگوێرەی زانیاریەكان بەهۆی بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی، بەشێك لەكاسبكاران و هاوڵاتیان لەبەردەم بینای دادگای بانكی ناوەندی خۆپیشاندانیان دەستپێكرد و داوادەكەن، نرخ دۆلار لەبازاڕەكان بەرامبەر بەدینار دابەزێندرێت.

ئەوە لەکاتێکدایە، بەشێك لەهاوڵاتیان نیگەرانی بەرامبەر بە بەرزبونەوەی نرخی شتومەك و پێداویستیەكانیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار دەردەبڕن و ئاماژەی بەوەدەکەن، بەرزبونەوەی دۆلار زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە لەكاتی كردنەوەی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو،  نرخی ١٠٠ دۆلار بە ١٥٤ هەزار و ٤٠٠ دینار مامەڵەی پێوەكرا و دواتر نرخی ١٠٠ دۆلار ١٥٧ هەزر دیناری تێپەڕاند.

بەپێی خشتەی فرۆشی دۆلار كە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ بڕی ٢٢٤ ملیۆن و ٣٠٧ هەزار و ٣٥١ دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە كە ٢٢ ملیۆن و٢٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی نەقد فرۆشراوە و٢٠٢ ملیۆن و١٠٧هەزار و ٣١٥ دۆلاریش بەشێوەی حەواڵە فرۆشراوە، بەڵام دوێنێ ٢٢٠ ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە.




PM:02:51:26/07/2023