"كوردستان بۆتە ترانزێتی ماددەی هۆشبەرەكان"


بەرپرسێكی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئێستا كوردستان بۆتە ترانزێتی ماددە هۆشبەرەكان"، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیش دەڵێـ "زۆربەی سزادراوان لە كەسانی ماددە هۆشبەرەكانن".

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "مەرج نییە ئەو بڕە مادانەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت بۆ ناو شارەكانی هەرێم بن، زیاتر ماددەكان دەبرێنە دەرەوە و هەرێم وەكو ترانزێت بەكاردەهێنرێت، دۆخەكە پێویستی بە دیراسەت هەیە، هەندێك مانگ ژمارەی دەستگیركراوان زیاد دەكات و هەندێك مانگیش كەم دەكات."

ناوبراو روونیكردۆتەوە "هەوڵەكان لە ئاستێكی بەرزدان بۆ قەڵاچۆكردنی ماددەی هۆشبەر، بەدواداچوونی ورد دەكرێت بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانەی لەناو شارەكان بەكاردەهێنرێت."

بە پێی ئامارێكی فەرمی كە دەست (دەنگی ئەمەریكا) كەوتووە، گرتووخانەكانی چاكسازی سەر بە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، پێنج هەزار و 53 حوكمدراویان تێدایە، لەو ژمارەیە هەزار و 38 كەسیان بە تاوانی بازرگانیكردن و كێشانی ماددەی هۆشبەر حوكمدراون، كە (449) حوكمدراویان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن.

كوێستان محەمەد، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە "بەداخەوە زۆربەی ئەو دەستگیركراوانەی حوكم دەدرێن و ڕەوانەی گرتووخانەكانی چاكسازی دەكرێن، بەكارهێنەر یان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن."

ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە هەرێم بڵاوبوونەتەوە، زیاتر مادەكانی تلیاك، حەشیش، دەرمانی بێهۆشكەر، هیرۆیین و كریستاڵن، سەرچاوەی هاوردەكردنییان ئێران و ناوچەكانی خوارووی عێراقە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی دەنگی ئەمەریكا، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرقاڵی دروستكردنی سەنتەرێكی گەورەی چارەسەركردنی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەرە لە شاری هەولێر و بڕیارە ئالودەبووان ببرێنە ئەو سەنتەرە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.




AM:10:33:30/07/2023