ئەمشەو شاندێکی تەکنیکی حکومی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

 
بڕیارە ئەمشەو ٣١ ی تەموز وەفدێکی تەکنیکی حکومەتی (ماوە بۆ درێژکراوە)ی هەرێم، بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سەردانی بەغدا دەکات.

میدیاکانی نزیک پارتی ئەمشەو دوو شەممە بڵاویانکردەوە کە ئەم سەردانەش بۆ تەواوکردنی ئەو گفتوگۆیانەیە کە لەسەر بودجە و مووچەی هەرێم و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر لەسەر نەوت درێژەی هەیە.

سەردانی ئەو وەفدە لە کاتێكدایە ماوەی ٦٠ رۆژی تەواوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدراوە.

هەفتەی رابردوو ئەم وەفدەی هەرێم سەردانی بەغدای کردو لێکتێگیشتنێکیان واژوو کرد، بەڵام میدیاکانی نزیک پارتی بڵاویان کردەوە کە پێنج شەممەی رابردوو ئەو وەفدە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی کۆدەبنەوە، بەڵام وەزیری ناوبراو کۆبوونەوەی لەگەڵدا سازنەکردن.
وەفدکە تەکنیکییە، بەڵام بەرپرسانی حکومی هەر سێ پێکهاتەی حکومەت، پارتی  و یەکێتی و گۆڕانی گرتۆتە خۆی.



PM:08:19:31/07/2023