وەزارەتی بازرگانی عێراق وادەی دابەشکردنی بەشە خۆراکی ئاشکرا کرد

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، "ئێستا لە کۆگاکانی خۆراک سەبەتەی حەوتەمی بەشە خۆراکی هاوڵاتیان ئامادەیە و بەم نزیکانە دەست بە دابەش کردنی دەکەن".

ئەمڕۆ شەممە٥ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڵاویکردەوە، "پێش هاتنی چلەی ئیمام حسێن سەبەتەی حەوتەمی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان دابەش دەکەن و لەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیش ئەوەی خستەڕوو، توانیویانە پێنج ملیۆن تۆن گەنم عەمبار بکەن و ئێستا عێراق لە ئاستی خۆ بژێویدایە لە رووی بەرهەمی گەنمەوە".

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لەوەکردووە، بەهۆی سێ هۆکارەوە بەرهەمهێنانی گەنم بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و توانیویانە پێنج ملیۆن تۆن گەنم عەمبار بکەن کە ئەوەش ئاستی خۆبژێویە و یەکێک لە هۆکارەکانیش، پێدانی پارەی گەنمە بە جوتیاران راستەوخۆ دوای رادەست کردنی گەنم بە سایلۆکان.

 ئەوەشی خستەڕوو، هۆکاری دووەم بریتی یە لە ئاسانکاری چوونی جوتیاران بۆ ناو سایلۆکان، کە لە ساڵانی رابردوودا پێویست بوو ١٥ تاکو ٢٠ شەو چاوەڕێ بکەن و ئەوەش دەبووە هۆی زیادبوونی کرێ لەسەریان و هۆکاری سێهەمیشی بۆ جیاوازی نەکردنی نێوان جۆری گەنم گێڕایەوە کە هەموو جۆرەکان هەمان نرخیان بۆ دانراوە.

ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەیەکی نزیک دا بڕی ٢٥٠ هەزار تۆن گەنم لە ئوسترالیاوە دەگاتە عێراق کە پێش وەرزی بە بازاڕکردنی گەنم عێراق ئەو گەنمەی کڕیوە.



PM:10:22:05/08/2023