شاسوار عەبدولواحید: هەڵبژاردنی ئەمجارە لایەنەکانی دەسەڵات تووشی شۆک دەکات

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت"  گەنجان ئەگەر گۆڕانکارییان دەوێت پێویستە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و هەڵبژاردنی ئەمجارە لایەنەکانی دەسەڵات تووشی شۆک دەکات". 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند" هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم چارەنووسازە نەک تەنها بەلای ئێمەوە بەڵکو بەلای عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە جدییەکانی هەرێم گرنگە". 

وتیشی" ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی چارەنوسازە کە یەکێتی و پارتی ناچار دەبن پرۆسەکە ئەنجام بدەن، هەروەها هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ چینی گەنجان زۆر گرنگە بە تایبەتی ئەوانەی تازە خوێندنیان تەواوکردووە و دەیانەوێت ژیانێکی شایستە بۆخۆیان دروست بکەن کە ئەمەش دەرفەتێکە بۆ گەنجان بۆ ئەوەی داهاتوویان لە دۆزینەوەی کار و دابینکردنی ژیان و پاڵپشتی هاوسەرگیرییان مسۆگەربکەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر خەڵکی بەشداری لە هەڵبژاردن نەکەن ئەوا دووبارە لایەنەکانی ئێستای دەسەڵات دێنەوە دامەزراوەکان و دەڵێن "لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردراوین". 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی نەوەی نوێ داوای لە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد کە بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و بە زووترین کات کارتی دەنگدان نوێبکەنەوە یان وەریبگرنەوە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دۆخی هەرێم دروست بکەن.


PM:01:22:14/08/2023