ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت "تیمە هونەریەكانی هەرێم و بەغدا بەبەردەوامی لەسەر خەتن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانویەكی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم".
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، لەدیوانی وەزارەت پێشوازی كرد لە وەفدێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر.
بەپێی راگەیەنراوەكە، وەزیری دارایی تیشكی خستە دواین هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و ڕایگەیاندووە "لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەهەماهەنگی بەردەوامدان و لەماوەی ڕابردودا هەرێمی كوردستان هەموو ئەو داواكاریانەی جێبەجێكردووە كە لەیاساكەدا هاتووە".
وەزیری دارایی وتویەتی "تیمە هونەریەكانی هەردولا بەبەردەوامی لەسەر خەتن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێك لەبەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانویەكی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم".