دوایین لێدوانی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات لەم مانگەوە لە کاتی خۆیدا پشکی هەرێم رەوانە بکەن.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە داهاتی ناوخۆی هەرێم کرد و ڕایگەیاند" ئەم مانگە بڕی ٣٢١ ملیۆن دینار کورتهێنان لە داهاتی تایبەت بە دابینکردنی مووچە هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕکراوەتەوە، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆ تەنها بۆ موچە نیە، بەڵکو خەرجی حکومەتی هەرێم لە خزمەتگوزاری، پێشینەی وەزارەتەکان، دامودەزگاکان، داهاتی وانەبێژان، پاککردنەوە، سەوزای، دابینکردنی خواردن بۆ زیندانیان سەرجەمیان لە داهاتی ناوخۆ دەردەچێت". 

ڕاشیگەیاند" هەموو ئەو داتایانەمان داوە بە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هیوادارین بەغداد پابەند بێت بە یاسای بودجە و مانگانە لە کاتی خۆی پشکی هەرێم بنێرێت". 

هونەر جەمال ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی یەک شێوازی گومرگی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە هەندێک دەروازەی سنوورییەکانی عێراق پابەندی ئەو رێککارانە نابن، ئەوەش زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

وتیشی" لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ وە تاکو ٢٠٢٢ نزیکەی دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناری زیاتر لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە بەدەستهاتوون کە زۆربەیان لەگەڵ دەروازە سنورییەکانی ئێرانەوە بەدەستهاتوون". 


PM:01:08:19/08/2023