دادگا سزای گەورەترین تۆڕی قاچاخچێتی نەوتی لە بەسڕە دا

دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیاری خۆی لە دۆسیەی گەورەترین تۆڕی قاچاخچێتی نەوت لە بەسرە دەركرد كە بەشێكیان ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بون و هەریەكەیان بە ١٥ ساڵ زیندانیكردن سزادران.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، سەرچاوەیەكی دادوەری رایگەیاندوە، "سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی بەسرە بە تۆمەتی قاچاخبردنی نەوت و بەرهەمە نەوتیەكان لە ڕێگەی پڕۆسەی كونكردن و تێكدانی بۆرییە نەوتییەكانی حەمەر موشەڕەف و بۆریی حەلفایەی فاو سزای ١٥ ساڵ زیندانیكردنی بۆ ١٠ تۆمەتبار دەركرد كە ئەفسەریشیان تێدایە".

ئەندامانی تۆڕەكە بۆرییەكی پلاستیكیان لەسەر بۆریەكانی نەوت بەستوە بۆ دەرهێنانی نەوتی خاو 
ئەو سەرچاوەیە ڕونیشیكردەوە، ئەندامانی تۆڕەكە بۆرییەكی پلاستیكیان لەسەر بۆریەكانی نەوت بەستوە بۆ دەرهێنانی نەوتی خاو و باركردنی لە تانكەر، بە ڕێگەپێدانی ساختە بۆ هەرێمی كوردستان بەقاچاخ گواستویانەتەوە و لەوێشەوە دەرەوەی عێراق بردویانە.

لە سەرەتای مانگی (تشرینی دوەم/١٠)ی ساڵی ٢٠٢٢، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی وردەكاری دەستگیركردنی تۆڕێكی گەورەی دزی و قاچاخی نەوتی خاوی لە باشوری پارێزگای بەسرە ئاشكرا كرد كە لەنێو ئەندامانی تۆڕەكەدا ئەفسەری پلەباڵا و بازرگان هەبون و ئاشكراشیكرد، بڕی قاچاخچێتی مانگانەی ئەو تۆڕە بە ٧٥ ملیۆن لیتر نەوت مەزەندە دەكرێت.

لەنێو لیستی دەستگیركراوەكان لیوا غانم محەمەد جەعفەر بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی وزە، چوار ئەفسەری دیكە بەپلەی عەمید هەبون كە ئەوانیش بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوتی باكور و پۆلیسی نەوتی ناوەندی و بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وزە، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵەكانی نەوتی باكور بون.

لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد شیعە ئەلسودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، "فەرمانمان كرد بەمەبەستی بەدواداچون بۆ تۆڕەكانی قاچاخچێتی نەوت و جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردن لە دژی ئەو كەسانەی كە بوێری دزینی مافی عێراقییەكانیان هەبو، مەفرەزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیش بە هاوكاری دەزگاكانی دیكە توانیان گەورەترین تۆڕی قاچاخچێتی نەوت لە بەسرە هەڵبوەشێننەوە".


PM:10:19:27/08/2023