لە سلێمانی گەنجێک کە کاری گەیاندنی خواردن دەكات تەقەی لێكرا و كوژرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە گەنجێكی تەمەن ٢٢ ساڵ كە كاری دلیڤەری (گەیاندنی خواردن) دەكات لەسەر شەقامێكی سەرەكی سلێمانی تەقەی لێكرا و كوژرا.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣،  بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەناو ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا لاندكرۆزەرەوە لەشەقامی بەردەم مزگەوتی شێخ فەرید دەستڕێژی گوللـە لە گەنجێكی تەمەن ٢٢ساڵ كراوە كە ئەو گەنجە كاری دلیڤەری (گەیاندنی خواردن) دەكات.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلـێمانی لەو بارەیەوە راگەیاند، " شەوی رابردوو ئەو کارمەندە لەگەڵ کەسێک بووە بە دەمەقاڵێی و دواتر ئەو کەسە لەگەڵ هاوڕێکەی بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر دوای ئەو کەسە کەوتوون و تەقەیان لێکردووە و برینداریان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کارمەندەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە کاتژمێر ٧ی بەیانی ئەمڕۆ گیانی لە دەستداوە و ئەو دوو کەسەی تەقەیان لێکردووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.



PM:02:47:29/08/2023