لەساڵیادی ژینا ئەمینی، شەش حیزبی رۆژهەڵات داوای مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكەن


لەساڵیادی (شۆڕشی ژینا ئەمینی) شەش حزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان داوای مانگرتن ‌و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە رۆژهەڵات دەكەن.

دوێنێ چوارشەممە هەریەك حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمەڵە (ڕێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی كوردستان (پاك)‌و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) دوای كۆبونەوەیان، بڕیاریان داوە رۆژی 16ی ئەم مانگە كە ساڵیادی (شۆڕشی ژینا ئەمینی)یە خۆپیشاندان‌و مانگرتنی سەرتاسەری لەڕۆژهەڵاتی كوردستان‌و ئێران بەڕێوەبچێت.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبونەوەی ئەو حزبانە "رۆژی 16ی 9ی 2022 ژینا ئەمینی كچە كوردی لاوی سەقزی لەشاری تاران‌و لەئاكامی پەلاماری هێزە دەستوەشێن‌و سەركوتكەرەكانی ڕژێمدا گیانی بەختكرد، ناوی (ژینا) وەك لەسەر گڵكۆكەی نوسرا، بوو بە"ڕەمز"ی ڕاپەڕینێكی جەماوەریی بەرین كە لەكوردستانەوە بەدروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێكردو زۆری نەخایاند سەرتاسەری شارو ناوچەكانی ئێران‌و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوەو لەدرێژەی خۆیدا بە"شۆڕشی ژینا"و "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" ناوی دەركرد".

ئەو حیزبانە ئاماژەیان بەوەكردووە "پشتیوانی لەداخوازیی تێكۆشەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی‌و ڕێكخراوه سەربەخۆكان بۆ ڕێزگرتن‌و بەشداریی چالاكانه لەساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌و ڕاگەیاندنی ڕۆژی 25ی خەرمانان واتە (16ی ئەم مانگە) وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی لەهەموو كوردستان".

ساڵی رابردوو دوای كوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی پۆشینی لەچك بەبیانووی "پابەندنەبوون بە پۆشینی لەچك"، بۆ ماوەی چەند مانگێك خۆپیشاندان زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتەی گرتەوە، بەڵام دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران كۆتاییان بە خۆپیشاندان هێنا.



PM:12:18:06/09/2023