ئاسۆ مامەند: لە کەرکوک هەموو لایەنەکان جگە لە پارتی هاوهەڵوێستین


لە بارەی دۆخی کەرکوکەوە، کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاسۆ مەماند، دەڵێت " جێی داخە کە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکوک هاوهەڵوێستن".

ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیا حزبەکەی وتی "ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە کەرکوک هەیە خزمەت بە کورد و شارەکە ناکات، بەڵام ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کەرکوک دڵنیا دەکەینەوە، یەکێتی کەرکوکییەکان بە تەنها جێناهێڵێت و دڵۆپێک خوێنی گەنجانی کەرکوک لەهەموو پۆستی شارەکە گرنگترە و نامانەوێت موزایەدە بە خوێنی گەنجانەوە بکرێت".

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، دەشڵێت" جگە لە پارتی تەواوی لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکوک یەک هەڵوێستن، بۆیە پێیان دەڵێین؛ داواکارییەکانی کورد لە بەغدا جێبەجێ دەکرێن نەک لە شۆڕیجە و رەحیماوا، بۆیە داوا لە پارتی و لایەنەکانی تریش دەکەین پێکەوە کار بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکوک بکەین".

ئێوارەی شەممەی رابردوو لە خۆپیشاندانێکی هێمنانەی هاوڵاتیانی کوردا لە کەرکوک بارگژی دروستبوو، لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی بوونە قوربانی و ١٤ دی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و توندرەوەکانی شیعە و سونەوە بریندرار کران.



PM:03:31:06/09/2023