لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی (ژینا ئەمینی)
کۆماری ئیسلامی ئێران خاڵی دەستگیردەکات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی سەرهەڵدانەکانى شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ئێران سەفا عائلی خاڵی ژینا ئەمینی دەستگیردەکات. 

لەمبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی، دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردەوە" گروپێک لە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چوونەتە ماڵی ئەندامێکی خێزانەکەی کە خاڵی ژینا ئەمینییە، بەبێ فەرمانی دادگا ئۆتۆمبێلەکەی و ماڵەکەی پشکنیووە، دواتر دەستگیریان کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر هەندێک بەڵگەنامەدا گرتووە وەک پاسپۆرتەکەی". 

وتیشی" دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترسی نوێبوونەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) کە وڵاتی هەژاند، سەرکوتی ئۆپۆزسیۆنیان چڕترکردەوە بە ئامانجی ڕاگرتنی هەر جۆرە کۆبوونەوەیەک لە ساڵیادی ١٦ی ڕەزبەردا". 

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە بنکەکەی لە فەرەنسایە، ڕایگەیاند" هێزە ئەمنییەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە بانگهێشتکردن و هەڕەشەکردن یان دەستبەسەرکردنیان، گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون چڕترکردووەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڕەشەی خێزانەکان کراوە کە خۆیان لە بانگهێشتکردنی هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ یادکردنەوەی ژینا ئەمینی بەدوور بگرن. 

ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی (پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) دەستگیرکرا و دوای سێ رۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى بەرفراوان لە شارەکانى ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان. 


PM:04:12:07/09/2023