چوارچێوەی هەماهەنگی داوایەک ئاڕاستەی هەرێم دەکات

پاش ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی وتەبێژی حکومەتی عێراق، سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان داوا لە حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم دەکات "پابەند بێت بە ماددەکانی یاسای بودجەی گشتی". 

جەبار عەودە سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند" پێویستە حكومەتی هەرێم زانیارییەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات كە پابەندنەبووە بە زۆرێك لە خاڵەكان".

وتیشی" ناكرێت حکومەتی فیدراڵ هەر پارە بۆ هەرێم تەرخان بکات بەبێ‌ ئەوەی پابەندبوونە داراییەكانی جێبەجێ‌ بكات". 

ڕاشیگەیاند" هەرێمی کوردستان بەشێکە دەوڵەتی عێراق و هەموو یاسا و ڕێساکانی عێراقی بەسەردا جێبەجێدەکرێت". 

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا جەبار عەودە داواشی لە حکومەتی (ماوە بۆدرێژکراوەی) هەرێم کرد کە "پابەند بێت بەو بەندانەی تایبەتە بە شایستە داراییەکان". 

ئەمڕۆ باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند" حکومەتی ناوەندی سەرجەم پابەندە داراییەکانی بەرامبەر هەرێم جێبەجیکردووە، بەڵام هەرێم تا ئێستا داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەست نەکردووە". 


PM:03:53:08/09/2023