پەروەردەی هەرێم لەسەر "رێژەی زۆری نەخوێندەواری لە دهۆك" وەڵامی عێراق دەداتەوە


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە پارێزگای دهۆك دووەم پارێزگای عێراق بێت لەئاستی نەخوێندەواری و دەڵێت "بەپێچەوانەوە رێژەكە دابەزیوە".

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەو داتایەی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق باسی دەكات، شیكاری و بەراوردكاری بۆ نەكردووە، كە بزانێت چ پێشكەوتنێك لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوو ڕویداوە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆك ، كە هەموو ئامارەكان پاڵپشت بە داتاكانی (دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان) ئەنجامدراون.

سیوەیلی ئاماژەی بەوەكردووە "ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو كوردستان زۆر دابەزیوە بەتایبەتریش پارێزگای دهۆك بەراورد بە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠١٨) كە ڕووپێوی كراوە رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری رێژەیەكی بەرچاوە كە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێكی تۆكمەیە".

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەڵێت "ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆك لە ساڵی ٢٠١٢ بریتی بوە لە ( ٢٧،٢٪) لەساڵی ٢٠١٨ بریتی بوە لە ( ٢٣،٢٪)  لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ( ١٨،٧٪)، ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن ، كە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ و  ٢٠٢١ بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە بە هاوكاری ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەسەر ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو (١٠) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان  بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕوپێوی". 




PM:09:37:09/09/2023