وەزیری پەروەردە:هەر كاتێك بەغدا مووچەی نارد ئێمەش بەسەر مامۆستایاندا دابەشی دەكەین

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،"١٣ی مانگ زەنگی خوێندن لێدەدرێت و مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە داوای مووچە بكەن، بەڵام ئەو مافە ئێستا لای عێراقە و ئەوان ناینێرن”.

ئەمرۆ دووشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣،ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "١٣ـی ئەم مانگە زەنگی خوێندن لێدەدرێت ومامۆستایان تا ئێستا مووچەی مانگی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە و نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە كاریگەری تەنیا لەسەر مامۆستایان نییە، بەڵكو كاریگەری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە".

راشیگەیاند،"مامۆستایان و فەرمانبەران مافی خۆیانە داوای مووچە بكەن، ئێمەش لە بەرەی فەرمانبەرانی خۆمانین، مافەكانی ئێمە ئێستا لەلای حكومەتی عێراقە، بەڵام ئەوان شایستە داراییەكان نانێرن، هەر كاتێك بەغدا پارەی مووچەی ڕەوانەكرد، ئێمەش هەمووی بەسەر مامۆستایانی خۆماندا دابەش دەكەین".

ئالان حەمەسەعید، سەبارەت بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ  باسی لەوەشکرد، بابەتی گرێبەستی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان ماوەتەوە.

 


PM:08:43:11/09/2023