وەزارەتی ناوخۆ روونكردنەوە سەبارەت بە لێخۆشبونی 20% ی سزای دارایی شۆفێران دەدات


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری لێخۆشبونی 20% ی سزای دارایی شۆفێرانی دەركردووە، دوو هێندەبوونی پێبژاردنی دارایی سەرپێچیی شۆفێرانیش تاكو 28ی شوباتی 2024 بەركار نابێت و ئامانجیش لەو هەنگاوە كۆكردنەوەی پارە نیە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە "ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن كە لە كۆتایی مانگی (شوبات/2)ی 2024 جێبەجێ دەكرێت، كۆكردنەوەی داهات نییە، بەڵكو پاراستنی باخەڵی هاوڵاتییانە لە ڕێگەی كەمكردنەوەی سەرپێچی و سزاوە".

میرانی روونیكردۆتەوە، وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوكاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەی ئێستای هەرێمی كوردستان، دوای ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە لێخۆشبونی 20%ی سزاكانی ڕابردوو و ئێستای هاتوچۆ، تاكو 28ی شوباتی 2024 كە دەكەوێتە سەر شۆفێران، ئەوە بژاردەیەكی ئارەزومەندانەیە، هاوڵاتی ناچار نییە سزاكانی خۆی پاكتاو بكات، وەكو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێك بچێت پێبژاردنەكانی پاك بكاتەوە.

ئەو بەرپرسەی ناوخۆ وتویەتی "بەڵام لە ڕابردودا كاریگەریی خراپی لەسەر باری داراییی هاوڵاتی و سزاكانی هاتوچۆ هەبووە، چونكە لەو پێنج ساڵەدا هاوڵاتی هەستی نەكردوە ئەو سزایەی دراوە دەبێتە سنوردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی، بۆیە پێمانوایە هاوڵاتی تا دەتوانێت زوتر پاكتاوی سزاكانی خۆی بكات، تا جارێكی دیكە سەرپێچی نەكاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات".




PM:03:32:15/09/2023