نێچیرڤان بارزانی سەردانێکی نهێنی بۆ ئێران دەکات

‌نێچێرڤان بارزانی لەگەڵ محەمەد باقر ڤاڵیباڤ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.( وێنە: ئەرشیف)
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراو ) بە نهێنی سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ولآتە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران لە بارەی حزبەکانی رۆژهەلآت و، پرسی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، کۆدەبێتەوە.

دوای سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و وەفدێکی باڵای ئەو حزبە بۆ ئێران و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کە لە رۆژی ١١ ی ئەیلول ئەنجام درا، نێچێرڤان بارزانی بە نهێنی سەردانی ئێران دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ( سپی ) نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حوکمی و ئەمنی ئێران کۆبۆتەوەو، ئامانجیش لە کۆبوونەوەکە بەرگرتن بووە لە هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەرێم دژی بنکەو بارەگاکانی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پرسی دووەمیش کێشەی نە ناردنی مووچە و شایستە دارییەکانی هەرێم بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی کە تەنها یەک رۆژی خایاندووە، لەکاتی سەردانەکەیدا، حکومەتی هەرێم دەستی بەڕێوشوێنەکانی کرد بەرامبەر هێزەکانی رۆژهەلآتی کوردستان و لە چیای هەڵگورد پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و دیموکرات هێنرانە خۆراوە بۆ دۆڵی بالیسان.

دواتریش پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی لە بەرەی پردێ لە باشور هەولێر لەو سەنگەرانە کە کۆن لەسەردەمی شەڕی داعشدا جێگیرکرابوون، کشێنرانەوە.

لە ١٠ ی مانگی ئەیلولەوە بەرپرسانی کورد، بافل تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی و فواد حسێنیش وەک وەزیری دەرەوەی عێراق، بە جیا سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردوەو، تا ئەمڕۆ ١٦ ی ئەیلول ئەو سەردانانە بۆ هەرێمی کوردستان بە " ئەرێنی " شکاونەتەوە، بەلآم نازانرێت چ وادەو بەڵێنێکی کورت و درێژخایەنیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران داوە. 






PM:10:35:16/09/2023