وەزارەتی كارەبا پێشنیاری كەمكردنەوەی كرێی كارەبای 24 كاتژمێری دەكات


وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە نرخی كرێی كارەبای 24 كاتژمێری ستییەكان و كارگەكانی پیشەسازی هەموار بكرێتەوە.

وەزارەتی كارەبا ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەتەكەیان  لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژكاریی خۆی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021 ماددە 4ـی بڕگەی 4ـی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە رەچاوكردنی بارودۆخی هاووڵاتییان پێشنیاز لەسەر كەمكردنەوە یان زیادكردنی پاڵپشتی حكومەت بۆ نرخی كارەبا بكات.

روونكردنەوەكە پێشنیازی بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە نرخی كرێی كارەبای 24 كاتژمێری ستییەكان و كارگەكانی پیشەسازی هەموار بكرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و كارگەكانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.

وەزارەتی كارەبا روونیكردۆتەوە، تەنیا لەكاتی وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەكان دەچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، پێشنیازەكانش برتین لە:

- پاڵپشتیی دارایی حكومەت بۆ كرێی كارەبای ستییەكانی 24 كاتژمێری لە 156 دینارەوە بۆ 100 دینار كەم بكرێتەوە.

- پاڵپشتیی دارایی بۆ كارەبای كەرتی پیشەسازیی (كارگەكانی چیمەنتۆ و ئاسن) لە 120 دینارەوە بۆ 90 دینار كەم بكرێتەوە و بۆ كارگەكانی دیكەش بكرێتە 100 دینار.

- بەستنی سیستەمی پریپەید بۆ سەرجەم هاوبەشانی كارەبا بە نرخی ئێستای كارەبا بێت و بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیی بە نرخ و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەباوە نەبێت.

-  پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی پێدانی كارەبا بكرێت.



PM:07:06:21/09/2023