بانکی ناوەندی: لە ساڵی ٢٠٢٤ سەرجەم مامەڵە بازرگانییەکان بە دینار دەکرێت

پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی داهاتووەوە ٢٠٢٤ هەموو مامەڵە بازرگانییە نێوخۆیییەکان لەبری دۆلار، دەکرێتە دیناری عێراقی.
 
عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی رێگەپێدراو و سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە راگەیێندراویێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت " لە ساڵی داهاتووەوە هەموو مامەڵە بازرگانییە نێوخۆیییەکان لەبری دۆلار دەکرێنە دیناری عێراقی، تەنها ئەو دۆلارە نەبێت کە دەدرێتە گەشتیاران".
 
ئاشکراشی دەکات، زۆرینەی بازرگانان چوونەتە نێو کەناڵەکانی مامەڵەی فەرمیی حەواڵەکردن و، دۆلاریان بە نرخی ١٣٢٠ دینار بۆ دەستەبەرکردوون.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کەرێژەی جێبەجێکردنی حەواڵە گەیشتۆتە ٩٥%. 

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند سیستمی نوێی حەواڵەی دەرەکی، هەموو لایەنەکانی ئەو مامەڵەیە لە مەترسییەکان دەپارێزێت و لەگەڵ یاسای رێگری لە سپیکردنەوەی پارە دێتەوە. 

عەلی عەللاق باس لەوەش دەکات، ئێستا سەرقاڵی ئەوەن دەروازەی حەواڵە بکەنەوە بە دراوی دیکەی وەک درهەمی ئیماراتی، لیرەی تورکی، رووپیەی هنیدی و یۆرۆ.
 



PM:07:40:24/09/2023