باران بارینی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی بەهێز دەستپێدەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی  لەبارەی دەستپێکردنی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە مانگی داهاتوودا زانیاری نوێی ڕاگەیاند و ئاماژە بەدەستپێکردنی باران بارینی بەخوڕ و ھەورە برووسکەی بەھێز دەکات. 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لەسەرەتای مانگی ئایندەوە پێشبینی دەکرێت بارستە ھەوایەکی سارد لە باکوورەوە بۆسەر دەریای ناوەراست جوڵە بکات و نزمەپاڵەپەستۆیەک لە رۆژھەڵاتی دەریاکەدا چالاک ببێت کە کاریگەری لەسەر کەشوھەوای ناوچەکانمان دەبێت ھەر لەوڵاتانی شام و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و ھاتنی کەشێکی پاییزە و فێنک لەگەڵیدا و ئەگەر ھەیە بەشێوەی ھەڕەمەکی ھەور چڕببێتەوە و بارانی کەم و پچڕ پچڕ لە ھەندێ ناوچەدا ببارێت بەتایبەت لەرۆژانی ٢ بۆ ٣ی مانگدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر گۆڕانکاری روونەدات ئەگەر ھەیە لە ماوەی نێوان ٥ بۆ ٨ی مانگدا نزمەپاڵەپەستۆکە لەنێوان باکووری دەریای سوور و رۆژھەڵاتی دەریای ناوەراستدا جارێکی دیکە چالاک ببێتەوە لەم قۆناغەدا شێی زیاتر روودەکاتە ناوچەکانمان و باروودۆخەکە گونجاوتر دەبێت بۆ بارانبارین و ناسەقامگیربوونی بەرگەھەوا، بۆیە لەو مەودایەدا ئەگەری بارانی مامناوەند و چالاکبوونی ھەورەبرووسکە لە زۆرێکی ناوچەکاندا دەبێت لە ھەندێ ناوچەش بە دیاری نەکراوی بارانی بەخوڕ و ھەورەبرووسکەی بەھێز سەرھەڵدەدات.

ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی گۆڕانکارییەکان دڵخۆشکەرن جیا لەم حاڵەتانە بۆ ماوەی دوور بەتایبەت لەدوای ناوەراستی مانگی ١٠ەوە بۆ کۆتایی مانگەکە ئەگەر ھەیە چەند شەپۆڵێک یان حاڵەتی بەھێزی بارانبارین ناوچەکانمان بگرێتەوە کە ھەندێ لەوانە ببنە ھۆی دروستبوونی لافاو و سەرھەڵدانی پشێوی توندی کەشوھەوا لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتانی شام و باکووری سعودیە و عێراق و ھەرێمی کوردستان.


AM:09:01:25/09/2023