عێراق بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كوەیت بڕیاری نوێی دەركرد


هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایدەگەیەنێت، عێراق ڕێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتی كوەیت دەگرێت و پابەندە بە هەموو ڕێككەوتنەكانییەوە.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، شەوی سێشەممە سودانی، سەرپەرشتی كۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتی كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كۆمەڵێك بابەتی گرنگ كرا كە پەیوەندیان بە دۆخی سیاسی و ئابوری و خزمەتگوزارییەوە هەیە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كۆبونەوەكەدا باس لە پەیوەندییەكانی عێراق و كوەیت لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەكانی پەیوەست بە مەلەفی سنوری دەریایی نێوان هەردوو وڵات كرا، ئامادەبووان جەختیان لەوەكردەوە، كە "عێراق بە دەستورێك بەڕێوەدەچێت كە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دامەزراوە"، لە هەمانكاتیشدا جەختیان لە ڕەتكردنەوەی ئەو شێوازانە كردەوە كە ڕژێمی پێشوو لە مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەكاری هێناوە.

راگەیەندراوەكە باسی لەوەكردووە "ئامادەبووان كۆك بوون لەسەر ئەوەی عێراق ڕێز لە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتی كوەیت دەگرێت و پابەندە بە هەمو ڕێككەوتنە دوو قۆڵییەكانی لەگەڵ وڵاتان و بە بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان، لەوانەش بڕیارنامەی ژمارە (833) كە لەلایەن ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە دەرچوە، لە 27ی ئایاری 1993".



AM:12:27:27/09/2023