حەلبوسی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە روونكردنەوە دەدات

ئەمڕۆ بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێكی دیكە تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایە دواخرا.

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٣، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند: "پەرلەمان پابەندە بە تێپەڕاندن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵام پێویستە سەرەتا داوا لە هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ناردنی نوێترین نەخشەی سنووری كارگێڕیی پارێزگاكە، بۆئەوەی بخرێتە ناو پرۆژەیاساكە".

سۆزان مەنسوور، ئەندامی فراسكیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانتاری عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، دواخستنی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، بیانوویەكی یاسایی هەیە و پەرلەمان داوای نەخشەی نوێی پارێزگای هەڵەبجەی كردووە، كە نەخشەی پارێزگاكە كۆنە و ئێستا گۆڕاوە. 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، دواخستنی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بە رێككەوتنی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بووە.




PM:06:51:30/09/2023