جەلیل زەنگەنە لەبارەی دواکەوتنی مووچە و خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان هەڵوێستی ڕاگەیاند

هونەرمەند و دەرهێنەری دیاری کورد جەلیل زەنگەنە لەبارەی دواکەوتنی مووچە و خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" نەمدیوە مووچە سێ مانگ جارێک بدرێت". 

جەلیل زەنگەنە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە" 
حەفتا و چوار ساڵ تەمەنمە، نەمدیوە مووچە سێ مانگ جارێک بدرێت، سەدام حسێن هەشت ساڵ شەڕی لەگەڵ ئێراندا کرد، شەڕی کوەیتی کرد، یەک ڕۆژ مووچەی فەرمانبەرانی دوانەخست، هەموو شتێک بە مووچەوە بەندە، نازانم ئەمانە بۆ مووچە دابەشناکەن، دوازدە ساڵە نەوت دەفرۆشن ئەی مووچە کوا". 

دەشڵێت" ئەمانە دەیانەوێت خەڵک سواڵ بکات، دەیانەوێت خەڵک وێران بکەن، ئەمانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان و کەس و کاریان باش بژین، بۆ ئەوەی ئەوانە باش بژین کە جەریمەیان بۆ دەکەن و پیاویان بۆ دەکوژن، میللەت بێزارە، ئەمانە وایانکرد هەموو شتێک بدۆڕێنین، دەبێت خەڵک هەمووی لەدەسەڵات هەڵسێ، عەیبە تاکەی بێدەنگ بین، بێدەنگی دیکتاتۆریەت دروست دەکات". 

جەلیل سەعید زەنگەنەی ناسراو بە جەلیل زەنگەنە لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی شاترلوی کەرکوک لە دایکبووە، لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە تێکەڵاوی کاری ھوونەری بووە و تا ئێستاش بەردەوامە و خاوەنی چەندین بەرھەمی دیارە لەوانە "مەرەزە، ژیان، ژاڵە ، خولە پیزە، گەردەلوول".


PM:11:33:04/10/2023