ناكۆكییەكانی یەکێتی‌و پارتی دەگاتە پەرلەمانی عێراق


هەریەك لەئەندامانی كوردەكانی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و پارتی بۆچوونی جیاوازیان هەیەلەسەر دەنگدان بە هادی عامری كاندیدی پێشنیاركراوی دەوڵەتی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

لەمبارەیەوە ئەردەڵان نورەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: ئەگەر ھادی عامری بۆ ئەو پۆستە کاندید بکرێت، ئەوا ئێمە دەنگی پێنادەین، تا ئەو کاتەی لە قسەکانی لەبارەی پێشمەرگەوە پاشگەز نەبێتەوە و بە فەرمی داوای لێبوردن لە کورد نەکات.

لە بەرامبەردا ڕێبوار تەھا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: تائێستا بەڕەسمی ناوی ھادی عامری بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ نەھاتۆتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەگەر بێت و ھاوپەیمانێتی نیشتیمانی ئەو کەسایەتییە کاندید بکات، ئەوا پێم باش نییە کورد لەسەر ئەو کاندیدە ڤیتۆی ھەبێت.

 ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری ئیستیحقاقی شیعە و سوننەکانن، بۆیە باشترە کورد بەشداری لەو پرسەدا نەکات و وتی: با ئەو دوو لایەنە خۆیان  یەکلایی بکەنەوە.

 ھادی عامری سەرۆکی کوتلەی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆکی ڕێکخراوی سەربازیی بەدر، لەماوەی پێشوودا ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی بە شکسنخواردوو وەسفکردبوو، ئەم لێدوانەش ناڕەزایەتی زۆری ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا ھێناو بە فەرمیش وەڵامدرایەوە.



PM:01:53:24/09/2014