زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران ڕاگەیەندرا

بڕیارە دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت. 

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا بە کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاندووە" پێش ناردنی بڕی یەکەمی ٧٠٠ ملیار دینارەکە، هەموو رێکارەکان بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سێ مانگ ئەنجامدراوە و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی نیشانداوە کە بانکی ناوەندی عێراق لە رێگەی بانکەکانەوە ئەو بڕە پارەیە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ١٧ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی (١٠) رۆژی داهاتوودا، قۆناغی یەکەمی بڕی دووەمی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بگاتە هەرێم. 

ئەوەشی خستەڕوو، بە گەیشتنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ئەنجوومەنی وەزیران میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دیاریدەکات و وەزارەتی داراییش لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان بڵاودەکاتەوە.

هەفتەی ڕابردووش هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بری دووەمی ٧٠٠ ملیارەکە لە ٢٠ بۆ ٢٥ی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەستپێدەکات.


PM:01:40:13/10/2023