مامۆستایان درێژە بە مانگرتنەکانیان دەدەن

لە دوای درێژەی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و نارەزایەتی مامۆستایان لە پارێزگای سلێمانی و بەشیک لە ئیدارە سەربەخۆکان، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی نارازی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوامن لە دەربڕینی نارەزایەتی و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی راگەیاندنێکی بڵاو کردەوە و تێیدا رایگەیاند" وەکو ئاگادارن پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانی ئێوەوە گەیشتۆتە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو ناوەندە نیودەوڵەتی و عێراقیەکان و هەرێم

بۆیە لە ئێستا زۆر گرنگە هەمومان خەمخۆرانە بۆ داکۆکی لە بژێوی خۆمان و ماڵ و منداڵمان درێژە بە ناڕەزایەتیەکان بدەین و بایکۆتی خۆرسکانەی مامۆستایان و فەرمانبەران ببەینە قۆناغێکی ترەوە، تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەر دەبێت".

 

لە بەشێکیتری راگەیاندنەکەدا ئاماژەیان بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە دەربڕینی نارەزایەتی و بایکۆتی هۆلەکانی خوێندن تا ئەو کاتەی پرسی مووچە چارەسەری ڕیشەیی بۆ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی ١٣/٩/٢٠٣ لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێ خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە مامۆستایان لە سنووری سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین لەدوای دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و نەچونە هۆلەکانی خوێندن.



PM:08:14:13/10/2023