ئەو کچەی هاوشێوەی ژینا ئەمینی کەوتە بەر لێدان گیانی لە دەستدا



ئارمیتا گەراوەند، کچە خوێندکاری تەمەن ١٧ ی کرماشانی کە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاکارەوە هێرشکرابووە سەری دوای ٢٨ رۆژ بێهۆشی، بەیانیی ئەمڕۆ ٢٨ ی تشرینی یەکەم گیانی لەدەستدا.
 
ماڵپەڕی ئیرنای ئێڕانی کە زمانحاڵی حکومەتی ئێرانەوە، بڵاویکردەوە، "هەوڵە پزیشکییەکان بۆ رزگارکردنی ئارمیتا سەرکەوتوو نەبوون، ئەو هاوڵاتییە دوای ٢٨ رۆژ چاودێری چڕی پزیشکی، لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لە دەستدا."
 
ئەو میدیایە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئارمیتا لە کاتی سەرکەوتن بۆ میترۆی تاران لەناکاو گوشاری خوێنی دابەزیوە و بەو هۆیەوە کەوتووە و پشتی سەری بەر لێوارێکی تیژی نێو شەمەندەفەرەکە کەوتووە، کەوتنەکەی هێندە تووند بووە کە دڵی بەشێوەی کاتی وەستاوە."
 
بەپێچەوانەی ئەم را فەرمییەی حکومەتەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری کەسانی نزیک لەو کچە قوتابییەوە دەڵێن" پۆلیسی ئاکاری تاران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە لە میترۆی تاران لەو کچە قوتابیەیان داوە و پاڵیان پێوە ناوە".
 
دوای تێکچوونی تەندروستی، ئارمیتا گەراوەند گوێزرایەوە نەخۆشخانەی فەجری تاران، کە نەخۆشخانەیەکی سەربازییەو دوای ئەو ماوە زۆرە مانەوەی لە نەخۆشخانە چاکنەبوەوەو گیانی لە دەستدا.
 
 
ئارمیتا گەراوەند، خەڵکی کرماشانی رۆژهەڵات کوردستانە و لەگەڵ خێزانەکەی لە تاران دەژین.

هاوشێوەی ئەم کچە ساڵی پار، ژینا ئەمینی  هاونیشتمانی شاری سەقز  رۆژی١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاویی حیجابەکەی لەلایەن پۆلیسی ئاکاری  حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرا و بەھۆی ئەشکەنجە و لێدان کەوتە کۆماوە و دوای سێ ڕۆژ، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران کۆچی دواییی کرد. لەدوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و بەو ھۆیەوە خۆپیشاندانی گەورە ئێرانی گرتەوەو لەلایەن ئەو رژێمەوە سەرکوتکرا. 
 



AM:11:36:28/10/2023