وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی هەشت ڕاگەیەندرا

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت" سبەی یان دوو سبەی پارەکەی بەغداد ڕەوانەی هەرێم دەکرێت و دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات". 

ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند" ئەو بودجەیەی حکومەتی عێراق دەینێرێت هەرێم خۆی رێكخیدەخات، بەڵام چەند لایەنێك لە بەغداد دەیانەوێت وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكەن". 

ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕواندەكرێت سبەینێ یاخود ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە حكومەتی فیدراڵ (٧٠٠) ملیار دینارەكە ڕەوانەی هەرێم بکات و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، ڕێکارەکانی ناردنی (٧٠٠) ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا پارەکە لە ڕێی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین و بانکی بازرگانیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم. 


PM:08:45:30/10/2023