هۆکار ونیشانەکانی سەر ئێشە لە منداڵان دا

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان دەربارەی سەرئێشە لە منداڵاندا وهۆکار و نیشانەکانی لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە فەیسبووک چەند ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە،دەڵێت"منداڵ هەروەکوو گەورەکان تووشی سەرئێشە ئەبن٫ وە زۆربەی جۆرەکانی سەرئێشە کە لە گەورەکاندا هەیە لە منداڵیشدا بوونیان هەیە".

د.پشدەر عبداللە اسماعیل پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان، دەربارەی هۆکارەکانی سەر ئێشە لە منداڵدا  ڕایگەیاند" هەندێ جۆری دەرمان سەرئێشە دروست ئەکەن.کەم خەوی یان گۆڕینی شێوازی خەوتن، ئەگەر ژەمێکی خواردنی نەخواردبێت، ووشکبونەوە لە کاتی نەخۆشیدا، فشارێکی دەروونی زۆری هەبێت یاخود هەندێک جار برینێکی بچوکی سەر".

وتیشی" هۆکاری زۆر وجیاواز هەیە بۆ نمونە بۆ ماوەیەکی زۆر سەیری تەلەفزیۆن و کۆمپیوتەر بکات، کێشەی بینینی هەبێت، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو سەیارەدا سەفەرێکی درێژ بکات، گوێگرتن لە مۆسیقای بەرز، بۆنی قوڕس و گران، هەندێک جۆری خواردن وەک پەنیر ٫ چوکلێت ٫ پیتزا".

دکتۆر پشدەر دەربارەی نیشانە خراپەکانی سەرئێشە کە پێویستە بێ دواکەوتن منداڵەکەت نیشانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بدەیت ئاماژەی بەم خاڵانە کرد، کەمبونەوەی هۆشی منداڵەکە، ئەگەر سەرئێشەکە منداڵەکەت خەبەر بکاتەوە بە تایبەتی لە بەیانیان یان سەرئێشەکە دوای بەخەرهاتنەوەی لە خەو دەست پێبکات لە بەیانیاندا، سەرئێشە دوای زەربەیەک کە بەر سەری کەوتبێت یان دوای لە هۆش خۆچوون، پێستی پەڵەی تێدا دەربکەوێت، بە گرانی هاتووچۆو ڕۆیشتن بکات و توانی بە پێوەوەستانی نەمێنێت.

لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا ئەم دکتۆرە باسی لەوەشکردووە، ئەگەر منداڵەکەت نیشانەکانی وەک
 قسەکردنی بە گران  یان هەر نەتوانێت ،بوونی ئازار لە ملدا ٫ یان ملی ڕەق بێت لەگەڵ بوونی تا، توانای ڕۆیشتنە قوتابخانە  لەگەڵ چالاکی ڕۆژانەی نەمێنێت، هەڵسووکەوتی منداڵەکە بگۆڕێت، ئاوخواردنەوەو میز کردنی  زیادی کرد بێت ئەوە ڕاستەوخۆ سەردانی دکتۆری پسپۆڕ بکە.



PM:03:41:01/11/2023