نێرگز محه‌مه‌دی لە زیندان مانگرتنی لە خواردن راگه‌یاند

نێرگز محه‌مه‌دی چالاکوانی ئێرانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووه‌.

ماڵپەری بی بی سی بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ دووشەممە نێرگز محەمەدی چالاکوان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە رێگەی پەیامێکەوە خانەوادەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە لە زیندان دەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری مانگرتنەکەی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینە سەبارەت بە نەبوونی چاودێری پزیشکی بۆ بەندکراوان و بەرامبەر سەپاندنی مەرجی لەبەرکردنی پۆشاکی باڵاپۆشی بەسەر بەندکراواندا، هەرچەندە دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و پێویستی بە چاودێری پزیشک هەیە.

نێرگز محەمەد چالاکوانێکە و ژیانی خۆی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەسەربردووە و چەندین جار لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی هەڵمەتە بێوچانەکانی دژی سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردنی تاکە کەسی. 

نێرگز محەمەد لە ئێستادا سزای ١٠ ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، بە تۆمەتی دژی ئاسایشی نەتەوەی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت. 


PM:06:52:06/11/2023