لەبارەی پێدانی غازەوە لە کۆرمۆوە بۆ کەرکوک، ، سامانە سروشتییەکان ڕوونکردنەوە دەدات

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی راکێشانی بۆرییەکی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ کەرکوک بڵاوکردەوە و دەڵێت" کۆمپانیای داناگاز بۆی نییە گاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە". 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین نەکراوە و بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز، بە ھیچ شێوەیەک کۆمپانیاکە بۆی نییە بەبێ رەزامەندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گاز لە کێڵگەکانی ھەرێمەوە بۆ ھیچ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە".

دەشڵێت" ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە ساڵانی ھەشتاکانەوە ھەبووە و کۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی کوندینسیت بەکاری ھێناوە". 

لە روونکردنەوەکەی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبونەوەی رۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازیان راگەیاندووە، نابێت بەبێ رەزامەندی سامانە سروشتییەكان گازی کێڵگەکانی هەرێم بۆ هیچ شوێنێک چ لە ناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە.

ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردبوو کە دەستکراوە بە بۆری گواستنەوەی غازی كۆرمۆری ناحیەی قادر کەرەم بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك. 


AM:12:03:07/11/2023