کەشناسی هەرێم: باران بارین دەستپێدەکات

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و دەڵێت" سبەینێ باران بارین دەستپێدەکات و لەسەر لوتکەى ناوچە شاخاوییە سنورییە بەرزەکانیش ئەگەرى بەفر بارین هەیە". 

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەرى پروشکە باران لەسەر هەندێ ناوچەى شاخاوى هەیە لە دواىنیوەرۆ، خێرای باش (١٠ – ١٥)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باشووری خۆرهەڵات و مەودای بینین (٨ – ١٠)کم دەبێت.  

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێوەیەکى گشتی سبەینێ لە ئەنجامى زیادبوونى کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى تورکیا لەسەر بەشەکانى باکوورى هەرێم و کاریگەرى نزمە پالەپەسۆى دەریای سوور لەسەر بەشەکانى باشوورى هەرێم و ناوەرستى عێراق، ئاسمانى هەرێم بە دێژایی کاتەکانى هەور دەبێت، لەگەڵ باران بارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانى هەرێم، ئاستى دابارین لەسەر بەشەکانى باشوورى هەرێم بە تایبەت سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیان و سنوورى پارێزگاى کەرکوک ئاستى دابارینى زیاترە، لەگەڵ زیادبوونى خێرایی با و نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بەرێژەى (٦ - ٨) پلەى سیلیزى لەسەر لوتکەى ناوچە شاخاوییە سنورییە بەرزەکانیش ئەگەرى بەفر بارین هەیە، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت ئاڕاستەکەشی ڕووەو باشوری خۆرهەڵات دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت.  


AM:10:18:14/11/2023