لە هەولێر، تەقە لە پارێزەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت

لەشاری هەولێر دەستڕێژی گولـلە لە پارێزەرێك كراو بەسەختی بریندار بووە وهێزە ئەمنییەكانی هەولێریش دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، هاووڵاتییەك كە پیشەی پارێزەرە، لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەهەولێر لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە دەستڕێژی گولـلەی لێكراو بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی زانیارییەکان، پارێزەرەكە، ناوی سوهراب ئەسەدوڵڵا، خەڵكی شاری بۆكان-ی رۆژهەڵاتی كوردستانەو ماوەیەكە لەشاری هەولێر نیشتەجێیە و كاری پارێزەرایەتی دەكات، لەدوای رووداوەكە گەیەنراوەتە نەخۆشخانەو لەئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشكیدایەو نەشتەرگەریی بۆ دەكرێت.

تا ئێستا هۆكاری تەقەكردن لەو پارێزەرە نەزانراوەو هێزە ئەمنییەكانی هەولێریش دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە. 


PM:09:38:16/11/2023