سیروان بارزانی: سودانی لیژنەیەکی بۆ کۆڕەک و دەستەی پەیوەندیەکانی عێراق پێکهێناوە

سیروان بارزانی، بەرپرسی کۆڕەک تلیکۆم ڕایگەیاند"کێشە لە نێوان کۆڕەک و ئاسیادا نییە، کێشەکە لە گەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقە و کێشەکە کۆنە".

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، سەبارەت بە کێشەکانی کۆڕەک و بڕیاری دادگای عێراق، سیروان بارزانی وتی: "کێشە لە نێوان کۆڕەک و ئاسیادا نییە، کێشەکە لە گەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقە و کێشەکە کۆنە و ئێمە دۆکیۆمێنتی خۆمان نیشانی میدیاکان داوە، بڕیاری دادگای عێراق هەمووی لە بەرژەوەندی کۆڕەک بوو"،.

وتیشی: "کە هاتە سەر حاڵەتی جێبەجێکردن، ئێمە نزیکەی ساڵێک چاوەرێمان کرد، چەند نووسراوێک لە دادگای جێبەجێکردنی کەرخ نێردرا بۆ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بەڵام ئەوان جێبەجێیان نەکرد".

ئەوەشی خستەڕوو، "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری لێژنەیەکی پێکهێناوە لە پەرلەمانی عێراق، لیژنەکە لەگەڵ نوێنەری کۆڕەک و دەستەکە کۆبووەتەوە ئەوڕۆ و سبەی ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەردەکەوێت".

ماوەی مانگێکە چیتر هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق کە سیماکارتی کۆڕەکیان هەیە ناتوانن لەگەڵ ئەو کەسانە سیمکارتی مۆبایلی کۆڕەکیان پێ نییە پەیوەندی ببەست ولە میانەی ئەو رێوشوێنانەی کۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن، هێزە ئەمنییەکان قەدەغەی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایلی کۆرەكیان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کرد.

کۆڕەک تلیکۆم کۆمپانیایەکی سنووردارە بە پێدانی خزمەتگوزاری بێ تەل و تۆڕی تەلەفۆن، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە کوردستان دامەزراوە، خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سیروان مستەفا بارزانیی بە هاوبەشی لەگەڵ فرانس تیلیکۆمی فەڕەنسی کە لە هەموو ناوچەکانی عێراق تۆڕی هەیە. بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەوێتە سەیرانگای سەڵاحەدینی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ چەندین لق لە شارەکانی دیکە.




PM:04:09:20/11/2023