وەزارەتی دارایی عێراق دەستدەکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکرد بە دابینکردنی پارە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١١.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی تسرینی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،" بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری دەستیکردووە بە ڕێکارەکانی دابینکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی دووەم، دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ڕێکخستنی خەرجکردن".

وەزارەتەکە داوای لە هەموو یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەتەکان و پارێزگارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە پێداچوونەوە بەلیستی موچە بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دارایی و دابەشکردنی بە زووترین کات.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە بەم نزیکانە وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوەش بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆی فەرمانبەران، بەڵام دیارنییە کەی ئەو پارە دەنێرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.


PM:02:32:21/11/2023