قائیمقامی قه‌زای پێنجوێن رایدەگەیەنێت" به بڕیاری وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم به دوو مه‌رج، كێشه‌ی كاره‌بای قه‌زاكه چاره‌سه‌ركرا".
زانا ره‌حمان ره‌حیم قائیمقامی قه‌زای پێنجوێن، ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" هاوڵاتیانی سنووری قه‌زای پێنجوێن ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌لایه‌ن ئومێد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم، پێیان ڕاگه‌یاندین كه به بڕیاری وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم كێشه‌ی كاره‌بای پێنجوێن چاره‌سه‌ركرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، چارەسەرکردنی کارەبای پێنجوێنیش بە چەند مەرجێک بووە، یەکەمیان سەرجەم ئەو زیادەڕەوییانەی کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای سنوری قەزای پێنجوێن لاببرێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌ك كه پێكهاتبن له (نوێنه‌ری یه‌كه كارگێڕییه‌كانی سنووری قه‌زای پێنجوێن، هۆبه‌ی چاكسازی كاره‌بای پێنجوێن، یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی پێنجوێن، به‌شی پۆلیسی پێنجوێن) و كه‌سی زیاده‌ڕه‌وی كار بدرێته دادگا.
ئەوەشی خستەڕوو، له قۆناغی كۆتایی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك له هه‌رێمی كوردستاندا پێنجوێنیش پێوه‌ری زیره‌كی بۆ ببه‌سترێت كه پێوه‌ره‌كه میكانیزمێكه كه زامنی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری ده‌كات له سنووری قه‌زای پێنجوێن به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كجاری و ڕیشه‌یی، كۆنترۆڵی زیاده‌ڕه‌وی سه‌رتۆڕه‌كانی كاره‌با ده‌كات، هه‌روه‌ها دوو مانگ جارێك پسوڵه‌ی پاره‌ی كاره‌با بۆ هاوڵاتیان دێته‌وه، محاویله‌ی كاره‌بای گه‌ڕه‌كه‌كان له سووتان ده‌پارێزێت.
شەوی ڕابردوو دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن ئاماژەیان به سازكردنی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری كرد و رایانگەیاند کە تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو کارەبای قەزاکەیان بکرێتەوە بە ٢٤ کاتژمێری و بە پێچەوانەشەوە خۆپیشاندان دەکەن.