مامۆستایانی ناڕازی کە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە ئەمشەو یەکشەممە ڕایانگەیاند" پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نابین و سبەینێ خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام دەدەینەوە".
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ئەمشەو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سەرەڕای گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکانمان و بەدەستهێنانی هەموو ڕەزامەندییە ئەمنییەکانمان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و لیژنەی ئەمنی لە بەغداد، بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی مەدەنی و ئاشتیانە لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت، بەڵام لە بازگەکان ڕێگریمان لێکرا".
وتیشی" ئەو رێگرییە لە ئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسی نابەرپرسیانەی نێوان هەرێم و بەغدا بووە، ئەمەش ڕێگریمان لێناکات لە داوای مافە ڕەواکانمان و بەردەوام دەبین لەسەر ڕێبازە مەدەنییەکەمان بۆ داوای مافەکانمان".
ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ دووشەممە خۆپیشاندانی فراوانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە شار و شارۆچکەکان دەستپێدەکاتەوە.
نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی داواشی کرد کە بەشێوەیەکی فراوان بەشداری لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکەی سبەینێ بکەن.