دابەشکردنی نەوتە هەرزانەکەی بەغدا سەنتەری شارەکان ناگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند" پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بە نرخی ٥٠ هەزار دینار ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاند" سەبارەت بەو بەشە نەوتەی بڕیارە لەبەغداوە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان لەسەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە، بڕیاڕ درا لەکاتی هاتنیدا تەرخان بکرێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین".

ڕاشیگەیاندووە" پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لەناو شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت بەنرخی ١٠٣ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ٢٠٠ لیتر بەهەمان میکانیزم".

ئەمە لەكاتێكدایە، كە شەوی ڕابردوو بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند" حكومەتی عێراق بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە نەوت بۆ هەرێم بنێرێت و بەرمیلی بە ٥٠ هەزار دینار دەبێت".



PM:07:07:28/11/2023