ناردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بەغدا بۆ هەرێم راگیراوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند" بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، ناردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگیراوە".
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ماوەی سێ رۆژە بەهۆی گرفتێک لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، کە بەنزین بۆ پارێزگای موسڵ دابین دەکات و ئەو بەنزینەی حکومەت عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دابین دەکات دەپاڵێوێت، پشکی هەرێمی کوردستان راگیراوە".
 
دەشڵێت" ئەو بەنزینەی بە ٧٥٠ دینار دابەش دەکرێت بەسەر شۆفێراندا، دوو بەشە، بەشێکی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت، ئەوە ئێستا راگیراوە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر هێڵە بۆئەوەی دەستپێبکاتەوە".

سەلام عومەر وتی"  بەشەکەی دیکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات و رۆژانە لە هەردوو پاڵاوگەی قەیوان و لاناز، بەنزین بۆ پارێزگاکان دابین دەکرێت. بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین رۆژانە رێژەکەی دەگۆڕێت و لەنێوان ٦ بۆ٧ تانکەری ٣٦ هەزار لیتری بەنزین دێت، کە نزیکەی٢١٥ بۆ ٢٥٠ هەزار لیتر بەنزین دەکات".
 
 
 
 
 



PM:03:27:04/12/2023