ئومێد سەباح: بەم نزیکانە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت

سەرلەنوێ شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بۆ بەغدا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەڵێت" بەم نزیکانە مووچەی مانگی نۆ دابەش دەکرێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" گفتوگۆیەکی گشتگیریان سەبارەت بە بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ بەغدادا هەیە و بە ئاڕاستەیەکی باشیشدا دەڕۆن".

وتیشی" کە دەرگای گفتوگۆی باش لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن دەچێتەوە بۆ بەغدا".

سەبارەت بە پرسی مووچەش سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند" ڕێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە تەواو بوون و بەمنزیکانە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".

ڕوونیشکردەوە کە دەربارەی مووچەی سێ مانگەکەی دیکەش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم( ماوە بۆ درێژکراوە)  نامەیەکی بۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ناردووە.

لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا مووچەی مانگی نۆ دابەش نەکراوە، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و ١٢ش بە نادیاری ماونەتەوە، چونکە ڕێككەوتنی ناردنی قەرزە ٧٠٠ ملیار دینارییەکە تەنها بۆ مانگەکانی٧ و ٨ و ٩ بوون.




AM:11:21:07/12/2023