پێکهاتەکانی هەرێم: دابەشکردنی کورسی کۆتاکان نادەستورییە و هیچ بنەمایەکی نییە

نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن ئاراستەی دادگای فیدراڵی کراوە، نادەستورییە و هیچ بنەمایەکی نییە، دەشڵێت" کورسی کۆتاکان دابەشنەکرێت". 

نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی کراوە، نادەستورییە و هیچ بنەمایەکی نییە، سەرەڕای ئەوەی کۆتایەکی تایبەت بۆ سێ پێکهاتەی کریستیان و کلدان و ئەرمەنەکان دابینکراوە، دابەشکردنی کورسی کۆتاکان دەبێتە هۆی بەفیڕۆچونی کورسییەکانمان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووی دانیشتوانەوە پێکهاتەکان بەسەر ناوچەکانی هەرێم بڵاوبوونەتەوە، داوا دەکەن شێوازی هەڵبژاردنی هەرێم بە یەک بازنەی بەرێوەبچێت، بۆ ئەوەی دەنگی "هیچ پێکهاتەکەیەک بە فیڕۆنەچێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سکاڵایەی لەسەر یاسای هەڵبژاردن تۆمارکراوە ڕەتبکرێتەوە و کورسی کۆتاکان دابەشنەکرێت. 

نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێم ڕاشیگەیاند" ئەگەر دادگای فیدراڵی شێوازی هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستان بكات بە فرەبازنەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان دەکەین". 

ئەمەش لەکاتێکدایە، دوو داوای یاسایی لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون سەبارەت بە کورسی کۆتاکان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاربوو لە سەرەتایی ئەم مانگە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواتر دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە دواخرا. 


PM:10:39:09/12/2023