ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ و دارایی هەرێم کۆبووەوە و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دەروازە سنوورییەكان و سیاسەتی گومرگی کرا.
نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە" ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازی لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و شاندی حكومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی فیدڕاڵی كردووە".
ئاماژە بەوەشکراوە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، هەروەها کۆمەڵێک فایلی ئەمنی، دارایی، و ئابووری تاوتوێ کرا، ئەمە جگە لەوەی باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا.
ڕاشیگەیاندووە" جەخت كرایەوە لەسەر گرنگی زیادکردنی هەماهەنگی نێوان ناوەند و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکان، یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و یاسای پاراستنی بەرهەم، لە پێناو گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵات و خەڵکەكەی".