٥ هەزار و ٩١٥ کاندید لەسەر ٢٧٥ کورسی کێبرکێ دەکەن بۆ ئەنجومەنی (١٥) پارێزگا، جیا لە ١٠ کورسی کۆتای پێکهاتەکان، و ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان ٢٤ کاتژمێر دواتر بڵاودەکرێتەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ( جیا لە هەرێمی کوردستان ) کە رۆژی ١٨ مانگ بەڕێوەدەچێت، بۆ دەنگدانی تایبەت، سندووقەکانی دەنگدان کاتژمێر ٧ی بەیانی ١٦ی کانوونی یەکەم دەکرێنەوە و کاتژمێر ٧ی ئێوارەی هەمان رۆژ ناوەندەکانی دەنگدان دادەخرێن.
١٦ی کانوونی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات کە بەندکراوان، ئاوارە و هێزە ئەمنییەکان دەنگدەدەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ، دەنگدانی گشتی لە کاتژمێر٧ی بەیانی رۆژی ١٨ی کانونی یەکەم بۆ ٦ی ئێوارە دەبێت و دوای داخستنی ناوەندەکانی دەنگدان کە (٤٧ ھەزار و ٧٥٥ سندوقی دەنگدان دادەندرێن کە بەسەر حەوت هەزار و هەشت بنکەی دەنگداندا دابەش دەکرێن)، دەست بە ژماردنی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکان دەکرێت و لەدوای ٢٤ کاتژمێر لە داخستنی ئەو ناوەندانە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاودەکرێتەوە.
١٦ملیۆن و ١٥٨ هەزار و ٧٨٨ کەس لە ١٥ پارێزگای عێراق کە تۆماری بایۆمەتری دەنگدانیان کردووە، مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە کە بۆ یەکەمجارە لە دوای ١٠ ساڵ لە ١٤ پارێزگا دەکرێت و یەکەمجاریشە ئەو هەڵبژاردنە لە دوای ١٨ ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
٥ هەزار و ٩١٥ کاندید لەسەر ٢٧٥ کورسی کێبرکێ دەکەن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، جیا لە ١٠ کورسی کۆتای پێکهاتەکان.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ٣٩ هاوپەیمانی سیاسی و ٢٩ حزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.