وادەی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ دیاری دەکرێت

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند" ٢١ـی کانونی دووەمی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵی قۆناغی ناوەندی و ٢٥ـی کانوونی دووەمیش تاقیکردنەوەی قۆناغی سەرەتایی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ دەست پێدەکات. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،" رۆژی ٢١ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەستپێکی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵی قۆناغی ناوەندی دەبێت و تا ٣١ـی مانگ بەردەوام دەبێت".

لە راگەیەندراوەکەی ەزارەتی پەروەردەی عێراق هاتووە" لە ٢٥ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵی قۆناغی سەرەتایی لە سەرجەم خوێندنگاکان دەست پێدەکات و لە ٣١ـی مانگ کۆتایی دێت".

هەروەها هاتووە" لەدوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەی نیوەی ساڵ پشووی بەهار بۆ ماوەی دوو هەفتە دەست پێدەکات و لە ١٥ـی شوبات دەوام لە سەرجەم خوێندنگاکان دەست پێدەکاتەوە".

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە دوای هەفتەی دووەمی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی کەوتو لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەنجام دەدرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیداری گەرمیان و ڕاپەڕین و ڕانیە و كۆیە بایكۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حكومەتی (ماوە بەسەرچووی) هەرێمەوە وەڵامی داواكارییەکانیان نەدراوەتەوە.



PM:06:47:17/12/2023