ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوای ٢٤ کاتژمێر رادەگەیەندرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگە تایبەت و گشتییەکان و وادەی وەرگرتنی تانەکانی ئاشکرا کرد، ئەنجامەکان دوای ٢٤ کاتژمێر رادەگەیەندرێت.

جومانە ئەلغەلای، وتەبێژی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، "کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ سبەی ڕۆژی دەنگدانی گشتی تەواوکردووەو بە ئاژانسی عێراقیەی راگەیاندووە"  سبەی دەنگدانی گشتی کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستپێدەکات و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کاتژمێر ٦ ی ئێوارە دادەخرێن".

ئاشکرای دەکات، ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدان گەیشتە ٧ هەزار و ١٦٦ ناوەند و زیاتر لە ٣٥ هەزار وێستگەی دەنگدان"، جەختیشی لەوە کردەوە "کارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت، کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان".

ئەلغەلای داوای لە کاندیدەکان کردەوە پابەندبن بە مەرجەکانی سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و ئەو بێدەنگییە هەڵبژاردنە نەشکێنن کە لە ١٥ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە، هۆشداریش لە "لێپرسینەوەی یاسایی دەدات" گەر سەرپێچی بکرێت.

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، وتی "ئەنجامی دەنگدانی گشتی و تایبەتی لە یەک کاتدا ڕادەگەیەنرێت، دوای کۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ئەمەش بەپێی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٣"، ئاماژەی بەوەشکرد دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، قۆناغی وەرگرتنی تانە دەست پێدەکات.



AM:12:04:18/12/2023