سودانی: هەڵبژاردنی پارێزگاکان مافێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزی

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، له‌ بنكه‌یه‌كی ده‌نگدان له‌ شاری به‌غدای پایته‌خت ده‌نگیدا و رایگه‌یاند" هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان مافێکی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزی لە وڵاتەکەدا". داواشی لە هاوڵاتییان کرد بەشداری بکەن و دەنگەکانیان بدەن.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە بەغداد دەنگی خۆیدا، لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن وتی" سوپاسی هەموو میدیاکان دەکەم کە ڕووماڵی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان کرد، لە هەمان کاتیشدا ستایشی رۆڵی ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانە دەکەم کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا هەوڵی ناوازەیاندا". 

جەختیشی لەوە کردەوە کە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان مافێکی دەستووری گرنگە بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیەت. 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند" ئەنجوومەنی پارێزگاکان پایەیەکی گرنگی جێبەجێکاری دەوڵەتن، هەربۆیە داوای بەشداری چالاکانە لەم هەڵبژاردنەدا دەکەم". 

ڕوونیشیکردەوە، کۆمسیۆن هەوڵی ناوازەی داوە بۆ تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن. 

لە كاتژمێر (٧:٠٠)ی به‌یانی ئه‌مڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە (١٥) پارێزگای عێراق به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم دەستیپێکرد و بڕیاره‌ تا کاتژمێر (٦:٠٠)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام بێت.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ١٥ ملیۆن و ١٠٨ هەزار و ١٣٥ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ١ ملیۆن و ١٥٣ هەزار و ٤٠٠ دەنگدەر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەنگ دەدەن، هاوکات ٥ هەزار و ٩١٥ کاندید کێبڕکێ لەسەر (٢٨٥) کورسی بۆ ئەنجوومەنی (١٥) پارێزگای عێراق بە کەرکوک و نەینەواوە دەکەن کە (٧٥)یان کۆتای ژنانن و (١٠) کۆتاى دیکە بۆ کریستیان، شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی، سائیبەى مەندایین. 


AM:08:29:18/12/2023