هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی هات و ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان دوای ٢٤ کاتژمێر رادەگەیندرێت

کاتژمێر ١٨:٠٠ ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم، ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق داخران، ئەوەش دوای ١١ کاتژمێر لە دەنگدان. 
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٨٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەنێو نزیکەی شەش هەزار بەربژێر هەبوو.
 
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ تێکڕای بەشداریی دەنگدەران لە ١٥ پارێزگاکە زیاتر لە ١٦% بووە؛ زۆرترین رێژەی بەشداری لە کەرکووک بووە کە ٣٢% بووە و کەمترین رێژەی بەشداریش لە پارێزگاکانی میسان و دیالە بووە کە ١١% بووە.
 
١٥ملیۆن و ١٠٨ هەزار و ١٣٥ کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبوو. بۆ ئەو مەبەستە حەوت هەزار و ١٦٦ ناوەندی دەنگدان و ٣٥ هەزار و ٥٥٣ وێستگەی دەنگدان ئامادە کرابوون.
 
تێکڕای ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەو ١٥ پارێزگایەی هەڵبژاردنی تێدا کرا ٢٨٥ کورسییە؛ ٧٥ کورسی کۆتای ژنن، ١٠ کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، کوردی شەبەک، کوردی ئێزدی، کوردی فەیلی و سائیبەی مەندایین.
 
٢٠٦ هەزار و ٤٢٩ فەرمانبەر سەرپەرشتیی پڕۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان کرد و ١١١ هەزار و ٧١٤ کامێرای چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان دانرابوون بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی دەنگدان.
 
بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەدوای ٢٤ کاتژمێر لە داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی رادەگەیێندرێت کە دەکەوێتە کاتژمێر ١٨:٠٠ـی رۆژی سێشەممە، ١٩ی کانوونی یەکەم.



PM:06:10:18/12/2023